عێراقكوردستانهه‌واڵ

میدیایەکی نزیک لە پارتی : ژمارەی کورسیەکانی پارتی بڵاودەکاتەوە

ڕێژنە میدیا

 

میدیای كوردستان 24ی نزیك له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ به‌پێی ئه‌و زانیارییه‌ نا فه‌رمیانه‌ی ده‌ستیان كه‌وتووه‌، پارتی 27 كورسی مسۆگه‌ر كردووه‌، له‌ كاتێكدا هێشتا هیچ ئه‌نجامێك له‌ لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه‌ به‌ فه‌رمی رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌.
 
میدیاكه‌ی پارتی بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ته‌وه‌، به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌ نا فه‌رمییه‌كان، له‌ زاری چاودێرانی پارتییه‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، ئه‌گه‌ری به‌هێز ئه‌وه‌یه‌ پارتی نزیكه‌ی 27 كورسی مسۆگه‌ر كردووه‌.
 
وه‌ك میدیاكه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌: “پارتی له‌ هه‌ولێر هه‌شت كورسی، دهۆك نۆ كورسی، سلێمانی یه‌ك كورسی، كه‌ركوك یه‌ك بۆ دوو كورسی، موسڵ شه‌ش بۆ حه‌وت كورسی مسۆگه‌ر كردووه‌”.
 
به‌ گوێره‌ی پێشبینییه‌كانی ئه‌و میدیایه‌، پارتی چاوی له‌وه‌یه‌ جگه‌ له‌ كورسییه‌كانی هه‌ولێر و دهۆك له‌ سنووری پارێزگاكانی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان كورسی به‌ربكه‌وێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی تشرینی یه‌كه‌م، دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی پێنجەمین خولی پەرلەمانی عیراق لە کاتژمێر 7ی بەیانی دەستیپێکرد و تا 6ی ئێوارە بەردەوامبوو و ھاوڵاتییان چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
 
رۆژی هەینی 8ی مانگیش، دەنگدانی تایبەت بەڕێوەچوو و هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکان و بەشێک لە زیندانیان چوونە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگیاندا.
 
لەم هەڵبژاردنەدا عیراق بەسەر 83 بازنەی هەڵبژاردندا دابەشبووە و لەهەڵبژاردنی پێشووشدا، 81 بازنەبوو، هاوکات بازنەکانی هەرێمی کوردستان بە کەرکوکیشەوە 15 بازنەیە.
 
لەم هەڵبژاردنەدا، کار بە سیستمی (تاک دەنگی نەگوێزراوە) دەکرێت، واتە ئەو دەنگە زیادانەی لە کاندیدێک دەمێنێتەوە ناگوێزرێتەوە بۆ کەسی تر یان کەسێكی تری ھەمان لایەنه سیاسییه‌كه‌، بەوەش کام کاندید زۆرترین دەنگەکانی بازنەکەی خۆی بەدەست بهێنێت بەشێوەی ریزبەندی سەردەکەوێت.
 
ئەگەر بازنەیەک چوار کورسی بۆ تەرخان کرابوو، ئەوا لەو بازنەیەدا چوار کاندیدی خاوەن زۆرترین دەنگ سەردەکەون به‌شێوه‌ی ریزبه‌ندی، بەم مەرجانە:
 
‌‌ئـ. یەکێک لە سەرکەوتووەکان ئافرەت بێت.
 
ب. ئەگەر هەر چواریان لە رەگەزی نێربن، ئەوا کەسی چوارەمیان جێی دەهێڵێت بۆ ئافرەتێک کە زۆرترین دەنگی نێو ئافرەتەکانی بازنەکەی خۆی بەدەستهێنابێت.
 
ج. ئەگەر دوو کاندیدی کۆتایی (ئەوانەی کێبڕکێ لەسەر کورسی چوارەم دەکەن) دەنگەکانیان یەکسان بوو، ئەوا بەپێی هەمان یاسا و ماددە، تیروپشکیان بۆ ئەنجام دەدرێت.
 
لە سەرانسەری عیراقدا بە هەرێمی کوردستانیشەوە، 24 ملیۆن و 907 هەزار و 679 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لەو رێژەیەش، لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 486 هەزار و 787 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و بە دەنگەکانی کەرکوکەوە چوار ملیۆن و 493 هەزار و 169 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
 
لەبارەی ژمارەی کانیدەدەکانیشەوە، لەم ھەڵبژاردنەدا لە سەرانسەری عیراق، سێ ھەزار و 240 کاندید بەشدارن، لە چوارچێوەی 21 ھاوپەیمانی و 109 لیستی پارت و لایەنی سیاسیدا و سەرجەمیان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی 329 کورسی پەرلەمانی عیراق.
 
سەرنجى خۆت بنووسە

بابەتى پەیوەندیدار

Back to top button