وەرزش

پەیامی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ هاندەرانی مانچێستەر یونایتد

ڕێژنە میدیا

 
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، شەوێکی مێژوویی پێشکێشی هاندەرانی یانەی مانچێستەر یونایتد کرد، دوای ئەوەی لە خولەکی 95 گۆڵی بردنەوەی بەرامبەر یانەی ڤیاریال تۆمارکرد.
 
 
مانچێستەر یونایتد لە گەڕی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگدا رووبەڕووی یانەی ڤیاریالی ئیسپانی بووە، یانە ئینگلیزییەکە دوای رکابەرییەکی بەهێز و زەحمەت یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
 
 
لە نیوەی یەکەمدا ڤیاریال ئاستێکی نایابی پێشکێشکرد، بەڵام لە هەژاندنی تۆڕدا سەرکەوتوو نەبوو و نیوەی یارییەکە بەیەکسانبوون بە ئەنجامێکی سپی کۆتاییهات.
 
 
لە خولەکی 53 پاکۆ ئەلکاسێر گۆڵێکی بۆ یانەی میوان، ڤیاریالی پاڵەوانی یۆرۆپالیگ تۆمارکرد، بەڵام زۆری نەبرد لە خولەکی 60 ئالێکس تێیێس بەلێدانێکی بەهێز ئەنجامەکەی بۆ مانچێستەر یونایتد یەکسانکردەوە.
 
 
یارییەکە بەرەو کۆتایی دەچوو، هەمووان چاوەڕێ بوون ناوبژیوان فیکەی کۆتایی لێبدات، بەڵام کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە دوایین خولەکدا دەرکەوت و گۆڵێکی یەکلاکەرەوە و گرنگی بۆ یانەکەی تۆمارکرد و مانچێستەر یونایتدی کردە خاوەنی یەکەم سێ خاڵ لە چامپیۆنزلیگدا.
 
 
رۆناڵدۆ لەم یارییەدا یاریی ژمارە 178 لە چامپیۆنزلیگدا ئەنجامدا، پێشتر هیچ یاریزانێک ئەو ریکۆردەی تۆمار نەکردووە.
 
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەبردنەوەی یارییەکە بووە خاوەنی 250 لە کاروانی یارییکردنی خۆیدا.
 
 
رۆناڵدۆ بەشێوەیەکی گشتی 790 گۆڵی لە کاروانی خۆیدا تۆمارکردووە.
 
 
450 گۆڵ لەگەڵ ریال مەدرید، 123 گۆڵ لە مانچێستەر یونایتد، 111 گۆڵ لەگەڵ پۆرتوگال، 101 گۆڵ بۆ یوڤێنتۆس و 5 گۆڵیش بۆ یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنە.
 
 
پەیامی رۆناڵدۆ
 
 
دوای یارییەکە کریستیانۆ رۆناڵدۆ دڵخۆشیی خۆی بەبردنەوەی یارییەکە پێشاندا و گوتی ” زۆر دڵخۆشم بەوەی لە خولەکی 90+5 گۆڵم تۆمارکرد، لینگارد هەوڵیدا تۆپەکە بۆ من بگەڕێنێتەوە، من هەلێکم هەبوو و منیش کارەکەم کرد، بەڵام ئەمە باشترین یاریی من نەبوو و ئەمە تۆپی پێیە.”
 
 
رۆناڵدۆ زیاتر گوتی “هەندێکجار باش یارییدەکەم و گۆڵ ناکەم، بەڵام لەم یارییەدا باش یارییم نەکرد و گۆڵم تۆمارکرد، کۆمەڵەکەمان زۆر کراوەیە بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو.”
 
 
کریس بە رۆژنامەڤانانی گوت ” ئەوەی من لە یارییەکەدا کردم کاری منە، بۆ ئەوە گەڕاومەتەوە مانچێستەر یونایتد، بۆ ئەوەی مێژوویەکی دیکە لەگەڵ یانەکە بنووسمەوە.”
 
 
رۆناڵدۆ زیاتر دەڵێت “یارییەکەمان بەرامبەر ڤیاریال زەحمەت بوو، بەڵام دوای گۆڵەکەی تێیێس هەستمدەکرد دەتوانین شتێک بکەین، من بەر لە یارییەکە بە یاریزانەکانم گوتبوو کە ئێمە متمانەمان بە یاریگە و مێژووی خۆمان هەیە و دڵخۆشبووم کە لە دوایین خولەکدا گۆڵی بردنەوەم تۆمارکرد.”
 
 
ئۆلێ گونار سۆڵشایەر، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتدیش لەبارەی گۆڵەکەی دۆن رۆناڵدۆوە گوتی “ئەوە کریستیانۆ رۆناڵدۆیە، چەندجارێکی دیکە ئەمەی کردووە، پێش مانگێک بەرامبەر ئیرلەندا لێدانی سزای لەدەستدا، بەڵام لە دوایین ساتەکاندا بە دوو لێدانی سەر دوو گۆڵی تۆمارکرد، ئەمە ئەو شتەیە کە هەمیشە پیشەی خۆی بووە.”

سەرنجى خۆت بنووسە

بابەتى پەیوەندیدار

Back to top button