كوردستانهه‌واڵ

پەکەکە : دەستگیرکردنی بکوژی (شوکری سەرحەد) ڕەتدەکاتەوە

ڕێژنە میدیا

میدیای فەرمی پەکەکە زانیارییەکانی ژووری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی پارێزگای سلێمانی ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت” هێشتا بکوژى شوکرى سەرحەد دەستگیرنەکراوە کە دوێنێ لە شارى سلێمانى تیرۆرکرا”.
 
ئاژانسی رۆژ نیوز-ی سەر بە کۆمپانیای چەتری پارتی کرێکارانی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە” هەرچەند ئەو دەزگایانە وێنەی کەسێکیان بڵاوکردووەتەوە کە گوایە ئەو کەسە هەردوو هێرشەکەی ئەنجام داوە، بەڵام بەپێی هەندێک زانیاریی و سەرچاوە، کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، هێرشکار تەنیا کەسێک نییە و ژمارەیەک کەسن و بە پیلان ئەو کارەیان کردووە”.
 
دەشڵێت” ئەو کەسەش کە دەوترێت دەستگیرکراوە بکەری هێرشەکەی سەر (فەرهاد باریش)ە، لە ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە، بەڵام هێرشکارانی سەر شەهید شوکری سەرحەد هێشتا دەستگیر نەکراون”.
 
ئاژانسەکە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کەسانەی هێرشیان کردووەتە سەر شەهید شوکری سەرحەد، چوار کەسن و یەکێکیان تەقەی لە شەهید شوکری کردووە، ئەوانی دیکەشە لەو دەوروبەرە بوون و دوای هێرشەکە، بە ئۆتۆمبێلیلکی جۆری پیکاپ- تۆیتا، هەڵهاتوون.
 
ئەمڕۆ ژووری ئۆپە‌راسیۆنێكی ھاوبە‌ش لە پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی کەسێکی ڕاگەیاند و وتی” ئەو کەسە تۆمەتباری سەرەکی هەردوو کردەی تیرۆرکردنی دوو کادیری باڵای پەکەکە بووە لە سلێمانی”.
سەرنجى خۆت بنووسە

بابەتى پەیوەندیدار

Back to top button