جیهانهه‌واڵ

فاڵچیەک سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپا

ڕێژنە میدیا

 

سەرۆکی دەزگای دادی پارێزگای یەزدی ڕای گەیاند، کە کەسێک بە تۆمەتی نووسینی نووشتە بۆ خەڵک دادگایی کراوە، پرۆسەی دۆسیەکەی و دادگاییکردنی کۆتایی پێهاتووە و سزای سێدارەی بۆ بڕاوەتەوە.

غوڵامعەلی دهشیری، لەمبارەوە بە میدیاکانی ئێرانی ڕاگەیاندووە ئەو کەسە بەتۆمەتی “فساد” بە سێدارە سزا دراوە.

بەگوێرەی قسەکانی سەرۆکی دەزگای دادی یەزد، “هەڵخەڵەتاندنی هاووڵاتییان و وەرگرتنی پارەی زۆر بە بیانووی بەتاڵکردنەوەی وزەی نەرێنی” یەکێک لە کارە نایاسایی و تاوانکارانەکانی ئەو کەسە بووە.

دهشیری وتووشیەتی، کە کاتێک کەسێک بە هەموو بیانوویەک دەست لە جەستەی کەسێکی نامەحرەم بدات و سەیری هەموو ئەندامانی جەستەی ژنان بکات، دیارە ئەوە فێڵێکی لەژێر سەردایە.

سەرۆکی دەزگای دادی یەزد ئاشکرای نەکردووە، کە بەپێی کامە بەندی یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارە بەسەر ئەو هاووڵاتییەدا سەپێندراوە.

بەڕای پسپۆڕانی بواری کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسان، هەرچەند کۆمەڵگەی ئێران لە بواری جیاجیادا پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام هێشتا لەو کۆمەڵگەیەدا زۆرن ئەو کەسانەی باوەڕیان بە خورافە و نوشتەنووسین و فاڵگرتنەوە هەیە و ساڵانە بە هەزاران کەس لەو ڕێگەیەوە لەلایەن فاڵگر و نوشتەنووسانەووە فریو دەدرێن.

پێشتریش محەمەدعەلی تاهیری، دامەزرێنەر و ڕێبەری گرووپێک بەناوی “عیرفانی حەڵقە” بە تۆمەتی “افساد فی الارض” لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە سێدارە سزا درابوو.

محەمەدعەلی تاهیری سەرەنجام ساڵی ٢٠١٩ پاش حەوت ساڵ بەندکران، لە زیندان ئازاد کرا و ماوەیەک پێش ئێستاش لە ئێران چووە دەرەوە.

سەرنجى خۆت بنووسە

بابەتى پەیوەندیدار

Back to top button