وەرزش

مێسی : زۆر بەپەرۆشم بۆ نووسینەوەی مێژوویەکی نوێ لە پاریس

ڕێژنە میدیا

 

لیۆنێل مێسی دڵخۆشیی خۆی بە پەیوەندیکردنی بە یانەی پاریس سانجێرمان پێشاندا و گوتی ” زۆر بەپەرۆشم بۆ دەستکردن بە مەشقەکان و نووسینەوەی مێژوویەکی نوێ لە کاروانی یارییکردنمدا “
 
سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی نوێی یانەکەی بە هاندەران و میدیاکان ناساند و گوتی ” سەلماندمان کە چیمانکردووە و لە داهاتووشدا باشتر ئەوە دەسەلمێنین “.
 
ناسر خلێفی، لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا سوپاسی مێسی کرد و گوتی ” سوپاسی تۆ، هاوژینەکەت و باوکت دەکەم، کە بوونە هۆکاری ئەوەی کە ئەم گرێبەستە بکرێت، پەیوەندی ئێمە پەیوەندییەکی بەهێز دەبێت و دڵخۆشم بە ئەنجامدانی ئەم گرێبەستە و دەمەوێت بە هاندەران بڵێم کە ئێمە مێژوویەکی گەورەمان تۆمارکرد “.
 
مێسی دڵخۆشیی خۆی بۆ یارییکردن لەگەڵ نەیمار و ئێمباپێ پێشاندا و گوتی ” ئەمە بۆ من پاڵپشتییەکی گەورەیە، بۆیە دەمەوێت بەخێرایی دەستپێبکەم و ئەمە ئەزموونێکی گەورەیە و چێژی لێ وەردەگرم”.
 
لیۆنێل زیاتر گوتی ” نازانم یەکەم دەرکەوتنم لە خولی فەرەنسا چۆن دەبێت، من پێشتر لە پشوودابووم، دوێنێ قسەم لەگەڵ ستافی هونەری کردووە و رەنگە پێویستیم بە ئامادەکاری هەبێت، چونکە خولەکە دەستیپێکردووە، بەڵام زۆر بەپەرۆشم بۆ یارییکردن، بەڵام ستافەکە دەزانێت کە من ئامادەم و دواتر دەزانن کەی دەتوانم یاری بکەم “.
 
ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە دەڵێت ” بەجێهێشتنی بارسێلۆنا زۆر قورسبوو، بەڵام پەیوەندیکردن بە پاریس سانجێرمانیش شتێکی خۆشە، ئەوەی لە هەفتەی رابردووە لە ژیانی مندا دەستیپێکرد شتێکی نامۆ و هەستێکی تێکەڵاو بوو، ناتوانم هەموو شتێک لەبیر بکەم، ناتوانم ئەوەی لە بارسێلۆنا هەمبووە لەبیری بکەم، بەڵام دڵخۆشم لێرە و ئەم هەفتەیە بۆ من زۆر قورسبوو، چونکە شتەکان زۆر بەخێرایی روویاندا “.
 
یاریزانە نوێیەکەی پاریس سانجێرمان گوتی ” زۆر دڵخۆشبووم و سوپاسگوزاربووم بۆ ئەو پێشوازییەی هاندەران لێیانکردم، من کاتێک لە بارسێلۆناش بووم بینیم خەڵک چاوەڕێم دەکەن بۆ ئەوەی بگەمە ئێرە، کاتێکیش ئەوانم بینی بۆ من زۆر مایەی خۆشحاڵی بوو “.
 
لیۆ لە وەڵامی رۆژنامەڤانێکدا گوتی ” بردنەوەی چامپیۆنزلیگ شتێکی تایبەتە، هێندە ئاسان نییە، هەندێکجار وردەکارییەکان کاریگەریان لەسەر ئەنجامەکان دەبێت، زۆرجار بەهۆی ئەوەوە چووینەتە دەرەوە، سەرکەوتن لە چامپیۆنزلیگدا پێویستیی بە کارکردنێکی زۆر هەیە و یارییەکانیش هەمیشە قورسن، بۆ بردنەوەش پێویستیت بە پێکهاتەیەکی زۆرباش هەیە بۆ ئەوەی بە یەک تیم یاریی بکەن لەگەڵ کەمێک لە شانس، بۆیە دەبێت بەدوای بەختدا رابکەیت، بەڵام لە چامپیۆنزلیگدا وەک بینیومانە هەمیشە باشترین یانە نایباتەوە، هەر ئەوەیە وادەکات کە رکابەرییەکە زۆر جوان بێت “.
 
مێسی لە بارەی پاریس سانجێرمانەوە گوتی ” پێموایە ئەم تیپە تیپێکی بەهێزە، لە رابردووشدا کاری زۆر گەورەی کردووە و خۆی نیشانداوە و نزیکبوو لە بردنەوەی چامپیۆنزلیگ، منیش هاتووم بۆ ئەوەی هاوکاری تیپەکە بکەم لە گەیشتن بە خەونەکانی و خەونی منیش بردنەوەی ئەم نازناوەیە و پاریسیش هەلی ئەوەی هەیە کە نازناوەکە بباتەوە “.
 
لیۆنێل مێسی لەبارەی گرنگی پەیوەندیکردنی بە پاریس سانجێرمان و قسەکردن لەگەڵ نەیمار گوتی ” لەگەڵ زۆر لە هاوڕێکانم قسەمکردووە و پێمخۆشە بۆچوونی ئەوان وەربگرم، پێموایە هەموومان یەک ئامانجمان هەیە، ئەو کاتەی من لە بارسێلۆنا بووم و ئەویش لە پاریس، هەردووکمان ئامانجمان بردنەوەی نازناوەکان بوو، ئێستاش هەمان ئامانجمان هەیە کە بردنەوەی نازناوەکانە و من لەگەڵ نەیمار و دیماریا پەیوەندیم هەبوو و ئەوەش بۆ من زۆر گرنگبوو “.
 
لەبارەی شێوازی یاریی خولی فەرەنسا مێسی لە وەڵامی رۆژنامەڤانێکدا گوتی ” دەزانم لە لیگ وەن چۆن یارییدەکەن و شێوازی یارییکردنیان دەزانم، چونکە زۆر هاوڕێم لە خولەکەدا هەن، پاریس گرنگییەکی زۆر بە یاریی تۆپی پێ دەدات و پاریس سانجێرمانیش هەمیشە هەوڵیداوە باشترین یاریزانەکان بگوازێتەوە یانەکەی و یەکێک لە ئامانجەکانی بردنەوەی نازناوەکان دەبێت، بۆ من ئەزموونێکی نوێیە، بەڵام زۆر لەگەڵ بارودۆخەکە رادێم “.
 
مێسی لە وەڵامی پرسیارێکی لەبارەی پەیامی خۆی بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا و ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی ئەو یانەیە گوتی ” چوونە دەرەوە لە بارسێلۆنا زۆر قورسبوو، ئەوێ هێشتا ماڵی منە، یادگاری زۆرم لەو شارە و لەگەڵ تیپەکە هەبووە، هەمیشە پاڵپشتێکی بەهێزی من بووە، ئێستا من هاتوومەتە یانەیەکی دیکە و پێمخۆشە لەگەڵ ئەو یانەیە ئامانجەکانی بهێنمە دی و دەمەوێت ئەو خۆشیەم لێرە هەبێت کە لە بارسێلۆنا هەبووە، نازانم رووبەڕووی بارسێلۆنا دەبینەوە یان نا، بەڵام پێمخۆشە بگەڕێمەوە بۆ یارییکردن بەرامبەر بارسێلۆنا و بینینی هاندەران، کە ماوەیەکی زۆرە بەهۆی کۆرۆناوە لەیەکدی دوورین “.
 
مێسی لەبارەی ئامانجەکەی دەڵێت ” زۆر شت گۆڕاوە لەو کاتەی کە لە بارسێلۆنا بووم، ئەزموونێکی زۆرم لەوێ هەبوو چ وەک یاریزان چ وەک کەسێکی ئەو شارە، بەڵام ئێستا لێرەش هەمان ویست و پەرۆشیم هەیە بۆ یارییکردن، بیرمە کە بە منداڵی هاتمە بارسێلۆنا چەند بەپەرۆشبوو، ئێستاش هەمان ئەو هەستەی منداڵیم هەیە “.
 
لەبارەی کارکردنی لەگەڵ پۆچێتینۆ مێسی لە وەڵامی رۆژنامەڤانێکدا گوتی ” وەک ئەوەی گوتم، هەموو ژووری جلگۆڕینی پاریس سانجێرمان، ئاگاداری بڕیاری منن، دەزانن کە زۆر گونجاو دەبین پێکەوە، من و پۆچێتینۆ ماوەیەکی زۆرە یەکدی دەناسین و هەردووکیشمان ئەرجەنتینین و دەتوانین پەیوەندییەکی زۆرباشمان دەبێت و بەمنزیکانەش قسەدەکەین و هەستدەکەم لەگەڵ ئەو و تەواوی پێکهاتەکەش دەتوانین لە یەکدی بگەین “.
 
مێسی لەبارەی تەواونەکردنی کاروانی یارییکردنی لە بارسێلۆنا وەڵامی رۆژنامەڤانێکی دایەوە و گوتی ” من پێش هەموو شتێک بە لیۆناردۆم گوت هاتنم بۆ پاریس رەنگە کەمێک بۆ خێزانەکەم قورسبێت، ئەمە بۆ من ئەزموونێکی تازەیە و ئامادەم بۆ ئەم ئالنگارییە و دەمەوێت بەهەمان ئاستی خۆم یاریی بکەم، دەمەوێت ژیانمان لێرە ئاسان بێت، دڵنیام دوای قسەکردن لەگەڵ هاوتیمەکان پەیوەندییەکی زۆرباش دروستدەبێت، چونکە هەر لە ئێستاوە پەیوەندیم لەگەڵ زۆربەیان هەیە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر دەمەوێت دەست بە مەشق بکەم و بچمە ناو تیپەکەم، شارەکە زۆر جوانە و هیوادارم خێزانەکەشم لێرە دڵخۆشبن”.
 
مێسی دەڵێت ” ساتێکی زۆر خۆشە کە هاتوومەتە پاریس سانجێرمان و جارێکی دیکە لەگەڵ نەیمار یاریی دەکەم، ئەوانەی لێرەن باشترینەکانی جیهان لە هێڵە جیاوازەکانی یاریگە و دەمەوێت لەگەڵ ئەم یاریزانانە ئامانجەکانی خۆم و یانەکە بهێنمە دی و نازناو لەگەڵ یانەکە ببەمەوە “.
 
سەرنجى خۆت بنووسە

بابەتى پەیوەندیدار

Back to top button