هەندێک لە کچان و ژنان بۆ چارەسەری کێشەو مرازی دڵیان پەنا بۆ لای شێخ و کەسایەتیە ئاینیەکان دەبەن

ڕێژنە میدیا

 

*کچێک:بەپێدانی چکلێتێک کێشەکەم چارەسەر بوو.

* چەندین کەس لەژێر ناوی درۆینەی شێخ و فاڵچیدا دەستگیر کراون.

هەندێک لەژنان وکچان و بگره پیاوانیش لەبری پزیشک بۆ چارەسەری نەخۆشی و کێشەکانیان پەنا دەبەنەلای شێخ و کەسایەتییە ئاینیەکان و لەبەرانبەردا وەک قەڵەمانە بڕێک پارە لەنەخۆشەکه وەردەگرن.

شەوبۆ کاکەخان،تەمەن 38ساڵ،دانیشتووی شاری سلێمانیە بۆ ڕێژنە میدیا وتی:بۆ زۆربەی نەخۆشی و کێشەکانم سەردانی شێخێکم کردووەو زۆر سودمان لێ بینیووەو بڕوای تەواوم بەو پیاوچاکەکردووە ئەویش هەموو جار وەک عیلاجێک دەزویەکی سپی و هەندێ چکلێتی پێداوم و بەکارمان هێناوەو چاک بووینەتەوەو لەبەرانبەرداتەنها10هەزاری لێ وەرگرتووم.

 

سەمەد عەزیز،تەمەن 42ساڵ،خەڵکی بنەسڵاوەی نزیک شاری هەولێرە،بۆ ڕێژنە میدیا وتی :بۆ نەخۆشی پێستم سەردانی چەند دکتۆرێکم کرد عیلاج وشتم زۆر بەکارهێناو سودی کاتی هه بوو بەڵام دواجار چومە لای مەلایەک کەبە بنەماڵە شێخ بوون ئەویش چەند دۆعایەک و لیترێک ئاوی پێدام لەناو دەبەیەک منیش بردمەوە ماڵ وبەکارهێناو پاش دوومانگ چاکبوومەوەو ئێستاش لەگەڵ ئەو مەلایە هاتوچۆو پەیوەندی تەلەفونیمان هەیە.

فەرەیدون غەریبەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی ئاینی لەسلێمانی بۆ ڕێژنە میدیا وتی:ئەو کەسانە وەک شێخ ومەلا کاردەکەن لای ئێمە دوو جۆرن ئەوانەی لەژێر چاودێری وەزارەتی تەندروستی بێت و شتی کوردەواری بەکار بێنێت ئەوە ڕێگە پێدراوە بەڵام ئەگەر کەسێک لەژێر ناوی مەلاو شێخدا جنۆکە دەربهێنێت یان نوشتەو دۆعا بەپارە بکات و خەڵک هەڵبخەتێنێت ئەوە ناشەرعییەو لای ئەوقاف پەسەند نەکراوە .

هەروەها وتیشی حاڵەتی لەو جۆرە هەبووەو مەلایەک لەعەربەت کەپێش نوێژی کردووە کاتێ زانیمان جنۆکە لەلاشەی مرۆڤ دەردێنیت و ئەو کاردە دەکات سزامانداو لەپێش نوێژی و کارەکەی دورمان خستەوەو وەک ئەوقافیش داواکارییەکمان داوەتە وەزارەتی ناوخۆ کەڕێگە نەدرێت بەو کەسانەی بەناوی دین وشێخ ومەلاوە نوشتەو سیحرو فاڵچێتی دەکەن و دەبێت دەستگیر بکرێن چونکە ئەوانە کارەکەیان ناشەرعییەو لەئیسلامدا جێگەییان نابێتەوە .

موحەمەد قادر خۆشناو وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم بەڕێژنە میدیای وت:بەهەموو جۆرێک ئەو شوێنانەی لەدەرەوەی زانستی و تەندروستیەوە کاردەکەن لەدەرەوەی یاساوەن و لای وەزارەتی تەندروستی پەسەند نەکراو ڕێگەپێدراو نین و ڕێگە نادەین کەسانێک لەبری پزیشک و تەندروستی ئەو ڕۆڵە بگێڕن.

سورکێو بنەجۆی،تەمەن 53ساڵ،خەڵکی شارۆچکەی سەیدصادقە لەدەڤەری شارەزوورو یەکێکە لەو کەسانەی وەک شێخ وچارەسەری نەخۆشی وکێشە کۆمەڵایەتیەکان  دەکات بەوتەی خۆی خەڵک لەهەمووچین وتوێژەکان سەردان دەکەن هەروەها و وتیشی ماوەی16 ساڵه ئەم کاره دەکەم وماڵمان له ئۆردوگای برایەتی نزیک عەربەت بووە دەستم پێکردووەو خەڵکێکی زۆر سودییان لە چارەسەرو دۆعاکانم وەرگرتووەو لەبەرانبەردا بڕی 40تا50هەزار دینار وەک سەر قەڵەمانە وەردەگرم وخەڵک بڕوای بەکارەکانم هەیە.

لیوا بەختیار بابان بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێم بۆ ڕێژنەمیدیا وتی:هەر چارەسەرێک لەژێر چاودێری وەزارەتی تەندروستی نەبێت ئەوە نایاساییەو لەسەر ئەو جۆرە چارەسەرییانە بێگومان خەڵک دەستگیر کراوە کەبەناوی دۆعاو چارەسەرەوە خەڵک فریو دەدەن و لەبەرانبەردا پارە وەردەگرن یان دەستدرێژی سێکسی ئەنجام دەدەن ،هەر بەپێی ئامارێکی ساڵانەی گشتی پۆلیسی هەرێم تەنها لەماوەی 12مانگی ساڵی 2019دا لەهەرسێ پارێزگاکەی هەرێم چەندین کەس لەسەر خەڵەتاندنی کەسانی تر بەناوی شێخ ومەلاو چارەسەری نەخۆشی و سیحرو نوشتەو دۆعاوە دەستگیر کراون هەولێر 17کەس و لەدهۆک 8کەس و لەسلێمانی هیچ کەس لەسەر ئەو حاڵەتە دەستگیر نەکراوەو ئەو کەسانەشی دەستگیرکراون بەپێی ماددەی 240سزادراون و زۆربەیان بەکەفالەت ئازادکراون .

 

ڕاپۆرتی:ڕێباز حەسەن کەڵهوڕیی

بۆ بینینی نوێترین بابه‌ت ڵایكی ڕیژنه‌ بكه‌