هەرئیستا ، بڕیاری داخستنی سەرجەم شوێنە ئایینییەکان درا

ڕێژنە میدیا

لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا رایگەیاند، لە 1ی نیسانەوە تاوەکو 10ی هەمان مانگ سەرجەم شوێنە ئایینییەکان دادەخرێن.

ئەو شوێنە ئایینییەکانەی دادەخرێن، بەپێی راگەیێندراوی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، سەرجەم شوێنە ئایینییەکان لە “مزگەوت، تەکیە، کڵێسا، پەرستگە و هەموو شوێنە ئایینییەکانی دیکە” دەبن و لە رۆژی پێنجشەممە 1ی نیسانی 2021 تاوەکو رۆژی شەممە 10ی نیسان و پێش ھاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆز دەبێت.

هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، رێگە بە ھیچ بۆنە و کۆبوونەوەیەکی ئایینی و کۆمەڵایەتی لە ناوەوە و دەرەوەی ئەو شوێنانە نادرێت، ھاوشێوەی ناوەندەکانی خوێندن و شوێنەکانی دیکە کە ماوەی زیاتر لە سێ ھەفتەیە داخراون.

داوا لە مامۆستایانی ئایینی و نوێژخوێنان و لە هەموو ئایینەکان کراوە، “لەپێناو پاراستنی تەندروستی و گیانی ھاووڵاتییانی ئازیز بە ئەرکی خۆیان ھەڵسن”.

لە راگەیێندراوی لیژنەکەدا هاتووە، بڕیارەکە “لەبەر زیادبوونی رێژەی تووشبوون و مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و لەپێناو بەرژەوەندی و سەلامەتی و پاراستنی گیانی ھاوڵاتیانی ئازیز و خۆشەویست”ە.

رۆژی سێشەممە 30ی ئاداری 2021 لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کۆبووەوە، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵا چەند بڕیارێکی گرنگ دراون بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەنێویاندا تاوەکو 10ی نیسان قوتابخانەکان بە داخراوی دەمێننەوە و زانکۆ و پەیمانگەکانیش دادەخرێن و تەنیا تاقیکردنەوەکان ئەنجامدەدرێن.

لە گرنگترین بڕیارەکانی کۆبوونەوەی رۆژی 30ی ئاداری لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا:

– داخستنی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگەکان لە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت بەردەوامبێت بە هەموو دامودەزگاکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تاوەکو رۆژی 10-04-2021، لەو ماوەیەدا تەنیا تاقیکردنەوەکان ئەنجامدەدرێن بە رێکاری تەواوی تەندروستی.

– راگرتنی هەموو کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنفرانس و فیستیڤاڵێک تاوەکو سەلامەتیی هاووڵاتییان بپارێزرێت.

– هیچ ئاهەنگ و بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی و ئایینی و پرسەی ماتەمینی لەناو ماڵان و گەڕەکەکان و سەردان و بەسەرکردنەوەکان و کۆڕ و کۆبوونەوەکان لە هەر شوێنێک و بە هەر ناونیشانێک بێت، رێگەپێدراو نییە.

– داخستنی تەواوی هۆڵی بۆنەکان و ئاهەنگ و رێوڕەسمەکان و فیستیڤاڵەکان و شانۆکان، هەروەها هۆڵەکانی وەرزش، تەنانەت لەناو هۆتێلەکان و شوێنە گشتییەکان.

– هۆڵی سینەماکان بە داخراوی دەمێننەوە لە گشت شوێنە گشتییەکان، لەناو بازاڕ و مۆڵەکان لە تەواوی هەرێمی کوردستان.

– هاتووچۆ بە تەواوەتی لە بازگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شارەکانی دیکەی عێراق لە رۆژانی پێنجشەممە، هەینی و شەممە رادەگیرێت. تەنیا رێگە بە هاتووچۆی بازرگانی و شاندە فەرمییەکان دەدرێت بە رێکاری تەندروستی.

– یانە و کافتریا و هۆڵە وەرزشییەکان و خزمەتگوزارییەکانی پێشکێشکردنی نێرگەلە و لەدوای کاژێر 09:00ی شەو تاوەکو 06:00ی بەیانی دادەخرێن.

– کافتریا و یانە و چێشتخانە و خزمەتگوزارییەکان، ئەوانەی رێگەپێدراون لە 06:00ی بەیانی تاوەکو 09:00ی شەو، پێویستە ئەگەر شوێنی دەرەوەی هەبێت لە شوێنی کراوە خزمەتگوزارییەکانیان پێشکێش بکەن، لەکاتی نەبوونی شوێنی کراوە، واتە باخچە و پارک، پێویستە لە ژوورەوە ژمارەی مێزەکانیان بەتەواوەتی سنووردار بکرێت و بۆشاییەکی تەواو لەنێوان میوانەکانی هەبێت و پەنجەرەکانی بکاتەوە بۆ هەواگۆڕکێ، دەشبێت ماسک ببەستن.

– تووندکردنەوەی سەپاندنی سزا بەسەر هەر کەس یان خاوەنی شوێنێک کە دەبێتە هۆکار بۆ نەبەستنی ماسک یان کۆبوونەوەی هاووڵاتییان تێیدا، خاوەنی ئەو شوێنە بەرپرسیارە لە نەبەستنی ماسک لەو شوێنەدا کە هاووڵاتییانی تێدا کۆدەبێتەوە، لەگەڵ ئەو هاووڵاتییانەش لە هەموو شوێنەکان ئەگەر ماسک نەبەستن لەلایەن تیمە هاوبەشەکان لە پارێزگاکان و قەزا و ناحیەکانەوە رێکارەکان بەرامبەری جێبەجێ دەکرێن.

– بەردەوامی لە پشکنینی سەرجەم ئەو کەسانەی کە دەگەڕێنەوە ناو هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی دەروازەکان و فڕۆکەخانەکان.

– قەدەخەکردنی قەرەباڵخی و کۆبوونەوەی هاووڵاتییان و فەرمانبەران لەناو فەرمانگەکانی کەرتی گشتی و تایبەت، بەڕێوەبەر و بەرپرسانی ئەو فەرمانگانە بەرپرسیاری یەکەمن لەم رووەوە.

– راگرتنی دەوام لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی و شەممە، واتە لە رۆژانی یەکشەممە تاوەکو چوارشەممە دەوام دەکرێت.

بۆ بینینی نوێترین بابه‌ت ڵایكی ڕیژنه‌ بكه‌