زیاتر لە 50 هەزار گەشتیار لە یەکەم رۆژی نەورۆز رویان کردۆتە سەیرانگەی دوکان

ڕێژنه‌ میدیا

 

بەپێی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزار، تەنها لە یەکەم رۆژی نەورۆزی ئەمساڵدا 50 هەزار گەشتیار و زیاتر لە 15 هەزار ئۆتۆمبیل چوونەتە سەیرانگەی دووکان، هاوکات زیاتر لە 10 هەزار گەشتیار چوونەتە ناوەندی شاری سلێمانی.

 

سەردار مەحموود، بەرێوەبەری پۆلیسی دوکان رایگەیاند، گەشەی کەرتی گەشتیاری بە جۆرێکە، تەنانەت پێشوەخت نزیکەی 80٪ـی شوێنە گەشتیارییەکانی دوکان گیراون، ئەوە جگە لەوەی لە یەکەم رۆژی نەورۆزدا نزیکەی 5 هەزار گەشتیار، کە زیاتر لە هەزار گەشتیاریان عەرەبن، روویان لە سنووری سۆران، رواندز، مێرگەسوور و چۆمان کردووە؛ گەشتوگوزاری پارێزگای دهۆکیش پێشبینی دەکات، لەم نەورۆزەدا 15 هەزار گەشتیاری عەرەب لە عێراقەوە روو لە پارێزگاکە بکەن.

 

هەروەها فەخری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی دهۆک ئاماژەی بەوە کردووە، هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان لە نەورۆزی ئەمساڵدا لە کاتێکدایە، ساڵی رابردوو بەهۆی پەتای کۆرۆنا و قەدەخەی هاتووچۆ هیچ گەشتیارێک رووی لە هەرێمی کوردستان نەکرد، کەچی لە نەورۆزی ساڵی 2019 دا 243 هەزار گەشتیار هاتنە هەرێمی کوردستان، کە 73٪ یان لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە هاتن و ئەوانی دیکەش گەشتیاری بیانی بوون.

 

بەهۆی گەشتیاری ناوخۆ و گەشتیار لە پارێزگاکانی عێراق و دەرەوەی عێراق بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و بەهارەوە، چاوەڕوان دەکرێت کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان گەشەبکات و لە ئێستاشدا سەرجەم پارێزگا و یەکە ئیدارییەکان ئامادەکاری تەواوەتییان کردووە بۆ هاتنی رێژەیەکی زۆر لە گەشتیاران.

بۆ بینینی نوێترین بابه‌ت ڵایكی ڕیژنه‌ بكه‌