هۆكاره‌كانی توشبوون به‌شه‌قیقه‌

ڕێژنه‌ میدیا

 

 له‌پێنج ئافره‌تدا ئافره‌تێك‌و له‌20 پیاودا پیاوێك تووشده‌بێت

70%ی ئه‌وانه‌ی‌ تووشی نه‌خۆشی شه‌قیقه‌ ده‌بن، ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌ی‌ شه‌ش مانگ كۆنترۆڵی‌ بكه‌یت‌و ده‌رمانی بده‌یتێ چاره‌سه‌ر ده‌بن.

شه‌قیقه‌، یه‌كێكه‌ له‌جۆره‌كانی‌ سه‌رئێشه‌و زۆرێك له‌و خه‌ڵكانه‌ی‌ كه‌ئه‌و جۆره‌ نه‌خۆشیه‌یان هه‌یه‌، بێزارن له‌وه‌ی‌ كه‌ڕۆژانه‌ تووشی‌ نۆره‌ی‌ سه‌رئێشه‌ ده‌بن‌و پسپۆڕێكی نه‌خۆشییه‌كانی‌ ده‌مارو مێشكیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ئه‌گه‌ر نه‌خۆشه‌كان چاره‌سه‌ر وه‌ربگرن، ئه‌وا ڕێژه‌یه‌كی‌ زۆریان چاره‌سه‌ر ده‌بێت.

د. سه‌روه‌ر جه‌مال باجه‌لان پسپۆڕی‌ نه‌خۆشییه‌كانی‌ مێشك‌و ده‌مارو بڕبڕه‌ی‌ پشت باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌شه‌قیقه‌ نه‌خۆشییه‌كی‌ باوه‌‌و تووشی‌ زۆرێك له‌خه‌ڵكی‌ ده‌بێت، وتی‌”ده‌توانین به‌نزیكی‌ بڵێین له‌پێنج ئافره‌تدا یه‌كێك تووش ده‌بێت‌و له‌20 پیاویشدا یه‌كێك توش ده‌بێت”.

ناوبراو جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ كه‌بۆ ده‌ستنیشانكردنی‌ شه‌قیقه‌ پێویستیان به‌قسه‌ی‌ نه‌خۆشه‌كه‌ هه‌یه‌، “چونكه‌ شه‌قیقه‌ بریتییه‌ له‌ئازاری‌ سه‌رئێشه‌‌و نه‌خۆشه‌كه‌ خۆی‌ هه‌ستی‌ پێده‌كات”.

شه‌قیقه‌ چییه‌‌و هۆكاری‌ توشبوون به‌شه‌قیقه‌ چییه‌؟

د.سه‌روه‌ر ده‌ڵێت شه‌قیقه‌، جۆرێكه‌ له‌سه‌رئێشه‌ یه‌كه‌م جۆره‌ له‌سه‌رئێشه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان كه‌وا سه‌رئێشه‌كه‌ نه‌خۆشی‌ تری‌ له‌پاڵه‌وه‌ نییه‌‌و سه‌رئێشه‌كه‌ خۆی‌ نه‌خۆشییه‌، بۆ ده‌ستنیشانكردنی‌ ئه‌و نه‌خۆشییه‌ پزیشك پشت به‌قسه‌ی‌ نه‌خۆشه‌كه‌ ده‌به‌ستێت له‌وه‌سفی‌ نه‌خۆشه‌كه‌ بۆ سه‌رئێشه‌كه‌ی‌، پزیشك نه‌خۆشییه‌كه‌ ده‌ستنیشان ده‌كات‌و ده‌رمانی‌ بۆ داده‌نێت.

ئه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هۆكاری شه‌قیقه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ تێكچوونی‌ باری‌ بۆرییه‌كانی‌ ناو مێشك، وتی‌”بۆرییه‌كانی‌ ناو مێشك یه‌كه‌مجار گرژبوونێكی‌ تیا دروست ده‌بێت له‌قۆناغی‌ گرژبوونه‌كه‌دا هه‌ندێك گۆڕانكاری‌‌و ناڕه‌حه‌تی‌ له‌نه‌خۆشه‌كه‌دا دروستده‌كات پێش سه‌رئێشه‌كه‌ هه‌ندێ‌ نیشانه‌ی‌ هه‌یه‌”.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت نه‌خۆشه‌كه‌ جاری‌ وا هه‌یه‌ ده‌ستێكی‌ سڕ ده‌بێت یان ده‌ست‌و قاچێكی‌ سڕده‌بێت یان جاری‌ وا هه‌یه‌ لایه‌كی‌ تووشی‌ شه‌له‌ل ده‌بێت، ئه‌و نیشانانه‌ له‌كاتێكدا دروستده‌بن كه‌ گرژبوون ڕووده‌دات ئه‌م قۆناغه‌ پێی ده‌وترێ‌ (ئۆرا فه‌یس) ئه‌م قۆناغه‌ له‌چه‌ند خوله‌كێك تا كاتژمێرێك ده‌خایه‌نێت، له‌كاتژمێرێك تێناپه‌ڕێت.

هه‌ره‌وه‌ها قۆناغی‌ دووه‌م قۆناغی‌ دروستبوونی‌ سه‌ر ئێشه‌كه‌یه‌، له‌م قۆناغه‌دا بۆری‌ خوێنی‌ ناو سه‌ر ئه‌كشێت‌و بۆرییه‌كانی‌ خوێن هه‌ستی‌ ئازارییان تێدایه‌، له‌ئه‌نجامی‌ كشانه‌كه‌ سه‌رئێشه‌كه‌ دروستده‌كات‌و ئه‌و سه‌رئێشه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت هه‌تا ئه‌و بۆرییه‌ ده‌چێته‌وه‌ دۆخه‌كه‌ی‌ خۆی‌.

نیشانه‌كانی‌ شه‌قیقه‌

د. سه‌روه‌ر پێیوایه‌ شه‌قیقه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشییه‌كی‌ باوه‌‌و تووشی‌ كۆمه‌ڵانێكی‌ زۆر ده‌بێت، وتی‌”ده‌توانرێت به‌نزیكی‌ بڵێین له‌پێنج ئافره‌تدا یه‌كێكیان تووش ده‌بێت‌و له‌20 پیاویشدا یه‌كێكیان تووش ده‌بێت”. هه‌یانه‌ سه‌رئێشه‌كه‌ی‌ سووكه‌ یان مامناوه‌نده‌‌و ناچێت بۆ لای‌ پزیشك، به‌ڵام هه‌یانه‌ سه‌رئێشه‌كه‌ی‌ قورسه‌ سه‌ردانی‌ پزیشك ده‌كات.

شه‌قیقه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ پۆلێن ده‌كرێت بۆ سێ‌ به‌ش:

به‌شی‌ یه‌كه‌م: پێی‌ ده‌وترێت شه‌قیقه‌ی‌ كلاسیكی‌، ئه‌م جۆره‌ ئاگادارت ده‌كاته‌وه‌ ئینجا سه‌رئێشه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات.

جۆری‌ دووه‌م: پێی‌ ده‌وترێت شه‌قیقه‌ی‌ باو، ئه‌م جۆره‌یان زۆر باوه‌ له‌ناو خه‌ڵكدا‌و ئاگاداركردنه‌وه‌ی‌ نییه‌و سه‌رئێشه‌كه‌ یه‌كسه‌ر ده‌ستپێده‌كات.

 جۆری‌ سێیه‌م: كۆمه‌ڵێكن له‌شه‌قیقه‌ كه‌پۆلێنكراون ئه‌م جۆره‌یان كۆمه‌ڵێك ئاڵۆزی‌ تیایه‌ ئه‌مه‌ زیاتر ئیشی‌ پزیشكه‌. د. سه‌روه‌ر له‌باره‌ی‌ جۆری سێیه‌م نمونه‌ی‌ هێنایه‌وه‌‌و وتی‌”كه‌نه‌خۆشه‌كه‌ لایه‌كی‌ توشی‌ شه‌له‌ل ده‌بێت دوای‌ ئه‌وه‌ سه‌رئێشه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات له‌ماوه‌ی‌ 24 كاتژمێردا یان ده‌گاته‌ 72 كاتژمێر‌و شه‌له‌له‌كه‌ی‌ چاك ده‌بێته‌وه‌”.

د. سه‌روه‌ر جه‌مال باس له‌وه‌ده‌كات كه‌شه‌قیقه‌ جیاده‌كرێته‌وه‌ له‌جۆره‌كانی‌ تری‌ سه‌رئێشه‌ به‌پێی‌ پێوه‌ری‌ دیاریكردنی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ جیهانی‌ سه‌رئێشه‌ له‌به‌ر زۆری‌ ئه‌و نه‌خۆشییه‌و له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ هه‌ڵه‌ی‌ زۆری‌ تیاده‌كرێت، پێوه‌ری‌ بۆ دانراوه‌ پێوه‌ره‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ئه‌گه‌ر شه‌قیقه‌كه‌

جۆری‌ یه‌كه‌م بێت واته‌ شه‌قیقه‌ی‌ كلاسیكی‌، ده‌بێت دوو نۆره‌ی‌ تووش بێت له‌و سه‌رئێشه‌یه‌دا كه‌ سه‌رئێشه‌كه‌ پل بدات‌و یه‌ك لای‌ سه‌ری‌ بگرێت‌و سه‌رئێشه‌كه‌ی‌ تیژ بێت یان مامناوه‌ند بێت‌و كار بكاته‌ سه‌ر ئیش‌وكاری‌‌و هێڵنج یان ڕشانه‌وه‌ی‌ هه‌بێت یان له‌ده‌نگ بێزار بێت یان له‌ڕه‌نگ بێزار بێت‌و له‌كاتی‌ جموجوڵدا سه‌رئێشه‌كه‌ی‌ زیاد بكات.

جۆری‌ دووه‌م ده‌ستنیشانكردنه‌كه‌ی‌ قورستره‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ وه‌ك جۆری‌ یه‌كه‌م ئاگاداركردنه‌وه‌ی‌ نییه‌‌و ده‌بێت نه‌خۆشه‌كه‌ پێنج نۆره‌ی‌ سه‌رئێشه‌ی‌ بۆ بێت، له‌وانه‌یه‌ ده‌ستنیشانكردنه‌كه‌ی‌ شه‌ش هه‌فته‌ بخایه‌نێت، بۆ ده‌ستنیشانكردنی‌ شه‌قیقه‌ ده‌بێ‌ دڵنیابین له‌وه‌ی‌ كه‌ سه‌رئێشه‌كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌نه‌خۆشییه‌كی‌ تره‌وه‌ نییه‌ بۆ نموونه‌ (گرانه‌تا، تای‌ ماڵتا) یان وه‌ره‌مێك له‌مێشكیدا نییه‌ یان جیوبی‌ نییه‌ یان گرفتی‌ له‌بڕبره‌ی‌ ملدا نییه‌، ئه‌بێت نه‌خۆشه‌كه‌ له‌نێوان نۆره‌كاندا هیچ كێشه‌ی‌ تری‌ نه‌بێت‌و ته‌نها له‌كاتی‌ نۆره‌كاندا سه‌رئێشه‌كه‌ی‌ بۆ بێت.

 شه‌قیقه‌ چۆن ده‌ستنیشان ده‌كرێت؟

 د. سه‌روه‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ بۆ ده‌ستنیشانكردنی‌ شه‌قیقه‌ پزیشكه‌كان پێویستیان به‌هیچ شتێك نییه‌ جگه‌ له‌قسه‌ی‌ نه‌خۆشه‌كه‌ نه‌بێ، پشت به‌قسه‌ی‌ نه‌خۆشه‌كه‌ ده‌به‌ستێت، چونكه‌ سه‌رئێشه‌ بریتییه‌ له‌ئازار، نه‌خۆشه‌كه‌ خۆی‌ هه‌ستی‌ پێده‌كات‌و وه‌سفی‌ سه‌رئێشه‌كه‌ی‌ ده‌كات كه‌ چۆنه‌‌و هیچ شیكارییه‌ك‌و هیچ تیشكێك نیه‌ بڵێت ئه‌م نه‌خۆشه‌ شه‌قیقه‌یه‌تی‌.

 شه‌قیقه‌ چاره‌سه‌ری‌ هه‌یه‌

د. سه‌روه‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات كه‌شه‌قیقه‌ چاره‌سه‌ری خۆی هه‌یه‌و ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌ی‌ شه‌ش مانگ كۆنترۆڵی‌ بكه‌ین‌و نۆره‌كه‌ی‌ بۆ نه‌یه‌ته‌وه‌ ده‌رمانی‌ باشی‌ بده‌یتێ 70% نه‌خۆشه‌كان سه‌رئێشه‌یان بۆ نایه‌ته‌وه‌ 30% نۆره‌ی‌ سه‌رئێشه‌كه‌یان بۆ دێته‌وه‌‌و ئه‌وانه‌ی‌ سه‌رئێشه‌كه‌یان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ سوكتره‌ به‌و شێوه‌ قورسه‌ی‌ یه‌كه‌مجار نییه‌‌و سه‌رئێشه‌ی‌ گرژی‌ باری‌ ده‌روونی‌ له‌وانه‌یه‌ به‌سێ‌ مانگ چاره‌سه‌ر بكرێت، بۆ ماوه‌ی‌ ئه‌و سێ‌ مانگه‌ ده‌رمان وه‌ربگرێت‌و له‌لایه‌ن پزیشكی‌ ده‌رونییه‌وه‌ ڕێنمایی‌ بكرێت. كه‌واته‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ سه‌رئێشه‌ یه‌كه‌م شت ده‌ستنیشانكردنی‌ دروسته‌، دووه‌م شت چاره‌سه‌ری‌ دروسته‌، سێیه‌م شت كاتی‌ ته‌واوه‌، چواره‌م شت هۆكاری‌ یاریده‌ده‌ره‌ له‌گه‌ڵ ده‌رمانه‌كه‌دا

بۆ بینینی نوێترین بابه‌ت ڵایكی ڕیژنه‌ بكه‌