بۆ دابەشکردنی ڤاکسین رێکخراوی تەندروستیی جیهان پێویستی بە 22 ملیار دۆلارە

ڕێژنه‌ میدیا

دابەشکردنی ڤاکیسنەکانی دژە کۆرۆنا بە شێوازێکی نادادپەروەرانە لەنێوان وڵاتە گەشەکردووەکان و وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان نیگەرانیی سەرەکیی وەزیرانی دارایی و ئابووریی ئەندام لە رێکخراوی جی بیستە کە ئەمجارە ئیتاڵیا سەرکردایەتییان دەکات.

دانییەل فرانکۆ، وەزیری دارایی ئیتاڵیا دوای کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینی وەزیرانی ئەندام لە گرووپی جی بیست رایگەیاند دەستگەیشتن بە ڤاکسینەکانی دژە کۆرۆنا لەلایەن وڵاتانی تازە پێگەیشتووەوە نیگەرانییەکی سەرەکی ئەندامانی ئەو رێکخراوە ئابوورییەیە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا فرانکۆ رایگەیاند: تاوەکو ڤاکسینەکانی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا دادوەرانە و لە کاتی خۆیدا دابەش نەکرێن، پێشبینی ناکرێت ژیان ئاسایی ببێتەوە.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاندووە لە رووی داراییەوە پێویستی بە زیاتر لە 22 ملیار دۆلارە بۆ ئەوەی ڤاکسینەکان بە شێوازێکی دادوەرانە لە جیهان دابەشبکرێت.

کۆرۆنا وایکردووە، زیاتر لە 530 هەزار کەس لە سنووری یەکێتیی ئەوروپا گیان لەدەست بدەن. بڵاوبوونەوەی خێرای جۆرە نوێیەکانیشی وایکردووە، بەرپرسانی یەکێتییەکە هەوڵبدەن هەڵمەتی کوتانی دژی ڤایرۆسەکە خێراتر بکەن.

یەکێتیی ئەوروپا کە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 450 ملیۆن کەسە، گرێبەستی کڕینی 2 ملیار ڤاکسینی لەگەڵ کۆمپانیا دەرمانسازەکان واژۆکردووە. واتە چوار هێندەی ژمارەی دانیشتووانی ئەوروپا ڤاکسینیان گرێبەستی کڕینی ڤاکسینیان واژۆکردووە، لە کاتێکدا هەر کەسێک تەنیا پێویستی بە دوو وەرگرتنی ژەم ڤاکسین هەیە.

یەکێتیی ئەوروپا دەیەوێت تاوەکو مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، 70٪ی دانیشتووانی پێگەییشتووی خۆی بکوتێت کە دەکاتە 255 ملیۆن کەس، بەڵام پلانەکان رەنگە بەو شێوەیە بەرەو پێش نەچن، بێسەروبەری و نایەکسانی لە کڕینی ڤاکسینی کۆمپانیاکان هەندێ وڵاتی ئەوروپی ناچارکرد پەنا بۆ بەرهەمەکانی رووسیا و چین ببەن.

هەفتەی رابردوو هەنگاریا بووە یەکەم وڵاتی ئەوروپی 5 ملیۆن ژەم لە ڤاکسینی سینۆفارمی چینی کڕی، دەتوانێت لە 10 ملیۆن ژمارەی دانیشتووانی 2 ملیۆن و نیو خەڵکی پێ لە کۆرۆنا بپارێزێت.

بۆ بینینی نوێترین بابه‌ت ڵایكی ڕیژنه‌ بكه‌