تورکیا :کۆتایی بە ئۆپراسیۆنی گارە هێنا و هێزەکانی پاشەکشە پێکرد

ڕێژنه‌ میدیا

 

وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، کۆتاییان بە ئۆپراسیۆنەکەی چیای گارە هێناوە، کە پێنج رۆژی خایاند و هێزەکانیان پاشەکشە پێکرد.

خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لەگەڵ یاشار گولەر، سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازی سەردانی ناوەندی بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنی “چڕنوکی هەڵۆ-2″یان لە پارێزگای شرناخ لەسەر سنور کرد و دواتر کۆتاییهاتنی ئۆپراسیۆنەکەی راگەیاند.

ئاکار لەو بنکە سەربازییە رایگەیاند کە کۆتاییان بە ئۆپراسیۆنەکانی چڕنوکی هەڵۆ -٢ یان هێناوەو هێزەکانیان گەڕاندۆتەوە شوێنەکانی خۆیان.

سوپای تورکیا لەم ئۆپراسیۆنەدا رایگەیاند کە زیاتر لە ٣٠ گەریلایان کووشتووەو دوانیشیان بەدیل گرتووە، بەڵام پەکەکە تا ئێستا هەواڵ و زانیاری تەواوی کۆتایی شەڕی رانەگەیاندووە، لە راگەیاندنەکانی پێشوویدا باس لە کوژرانی زیاتر لە ٣٠ سەرباز و شکستی هێرشەکە دەکات و پێدەچێت لە کاتژمێرەکانی ئایندەدا زانیاری لەسەر سەرجەم ئۆپراسیۆنی چیای گارە بڵاوبکاتەوە.

بۆ بینینی نوێترین بابه‌ت ڵایكی ڕیژنه‌ بكه‌