وەزارەتی دارایی ھەرێم لەبارەی مووچەی بەشێك لە فەرمانبەران روونكردنەوە دەدات

ڕێژنه‌ میدیا

 

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەریەك لە بەڕێوبەرایەتییەكانی بەنداوەكانی هەرێم و رەگەزنامەی هەرێمی كوردستان روونكردنەوە دەدات.

لە روونكردنەوەكەدا وەزارەتی دارایی لە چەند خاڵێكدا دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیانە دەخاتەڕوو:..

1- كۆی گشتی تەمویلی (پارەداركردنی) پێویست بۆ موچەی یەك مانگی فەرمانبەرانی رەگەزنامەی هەرێمی كوردستان نزیكەی شەش ملیار و 250 ملیۆن دینار دەبێت.

2- لە كۆی ئەم بڕە پارەیە مانگانە حكومەتی ناوەند نزیكەی ملیارێك و 862ملیۆن دینارى بۆ (4700) موچەخۆری ڕەگەزنامەی هەرێمی ناردووە.

3- ئەو پارەیەش نزیكەی 25%ی موچەی ئەو فەرمانبەرانە دەكات. واتە بە تەمویلی چوار مانگی بەغدا بۆ ئەم موچەخۆرانە تەنیا دەتوانرێت موچەی یەك مانگی پێ دابین بكرێت.

4- سەرەڕای ئەمەش هەریەك لە مانگەكانی10- 11-12 ساڵی ڕابردوو لەگەڵ مانگی یەكی 2021 هیچ بڕە پارەیەك لە لایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە بۆ هەرێم نەنێردراوە تاوەكو موچەی فەرمانبەرانی بەنداوەكان و ڕەگەزنامەی هەرێم دابەش بكرێت.

5- بەدەر لەوانەش مانگی ڕابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بێ لێبڕین، موچەمان بۆ بەڕێوبەرایەتی ڕەگەزنامەی هەرێم دابینكردووە.

6- لە ئێستادا بەهۆی نەناردنی موچەی ئەو بەڕێوبەراتیانە لایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامانجی دادپەروەری بۆ هەمووان بە هەمان میكانیزمی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە، موچەیان بەسەردا دابەش بكرێت.

بۆ بینینی نوێترین بابه‌ت ڵایكی ڕیژنه‌ بكه‌