ڕوانینێک بۆ ئەدەبیاتی منداڵان

ڕێژنه‌ میدیا

وتار : : ڕۆستەم خامۆش

 

ئەدەبیاتی منداڵان، ترۆپکی بەرز ڕوانینە بۆ کایەکانی دیکەی ژیان بەشێوەیەکی جوانتر، ئەدەبیاتی منداڵان، واتە: شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت و هەموو ئەو ژانرە ئەدەبیانەی، کە لەنێو بازنەی ئەدەبیاتی منداڵاندا جێیان دەبێتەوە

واتە: هەموو ئەو پەیڤە ناسک و جوان و بۆنخۆشانەن، کە خۆیان دەخزێننە نێو ماڵی شیعر و چیرۆکەوەو بە زمانێکی ئاسان و بێ گرێ و شیرین و پاراو و سادە دەنووسرێن بۆ منداڵان، بەڵێ ئەدەبیاتی منداڵان

واتە: جیهانێکی پاک و پڕ لە ئەوین و خۆشەویستی، پڕ لە خەون و خۆزگە و خەیاڵی منداڵانە، ئەدەبیاتی منداڵان، گوڵستانێکی تژیی لە خونچەو گوڵ و چڵ و گەڵایە، کە هەزاران پەپوولەو باڵندەی نەخشینی تێدا دەبینرێن، دارستانێکە هەمیشە سەوز، کە بێ ئەژمار باڵندەی دەنگخۆش نەغمەو گۆرانی تێدا دەچڕن، جگە لە چێژ و شادی و کەڵک وەگرتن هیچی تری لێ نیە.

بۆیە دەڵێم دەبێ شیعر، کە بەشێکی بەرچاوە لە ئەدەبیاتی منداڵان، لە ڕووی ڕووخسارەوە جوان و قەشەنگ و ڕێک دەرکەوێ، وە لە ڕووی ناوەڕۆکیشەوە هەڵگری پەیامێک بێ و مانابەخش و پڕ مۆسیقا و ئاوازی بەجۆش بێ، کە منداڵ هەم سوودی لێ وەربگرێ و هەم چێژی پێ ببەخشێ، هەتا بکرێ شیعر بۆ منداڵان وا باشترە کورت و پوخت و واتادار و دێڕەکانی کەم بێ و بڕگەی کورت بێ. وەلێ ئەفسووس، ڕەنگە زۆر کەس وابزانن، یان وا تێبگەن، کە نووسین بۆ منداڵ زۆر ئاسانەو هێندە مەرج و یاسای قورسی نیە، وەلێ پێچەوانەکەی ڕاست و دروست و تەواوە

کە ئەو ئەدەبیاتە ئەوەندە سەخت و دژوارە، کەم کەس دەتوانێ بەرەو ڕووی لوتکەی بەرز و باڵای هەنگاو بنێ و پێیدا هەڵزنێ، چونکە لە ئەدەبیاتی منداڵاندا ئەوەی دەنووسرێ بۆ کەسانێکە، کە ئێستا منداڵن و بەڵام ڕۆژبەڕۆژ تەمەنیان هەڵدەکشێ و گەورە دەبن و دەبن بەتاکێکی پێگەیشتوو لەنێو کۆمەڵگەدا، بۆیە دەبێ بزانرێ کە چی و چۆنیان بۆ بنووسرێ، چونکە منداڵانی ئەمڕۆ، گەورەکانی ئایندەن

بەڕاستی ئەگەر بمانەوێ کۆمەڵگەیەکی ڕۆشنبیر و پێشکەوتووبین، دەبێ لە منداڵەوە دەست پێبکەین. جا ئەدەبیاتی منداڵان هێندە گرنگ و بایەخدارە، کە زۆر لە شارەزا و لێکۆڵەر و شاعیر و دڵسۆزانی ئەو بوارە باسیان لێوە کردووە، وەکو شاعیری ناسراوی بولگاری “ران بوسلیک” دەڵێ: (ئەدەب بۆ منداڵان، وەکو شیری دایک و هەوای پاک وایە، کە پێویستە هەبن)

بەڵێ بە دڵنیاییەوە نووسین بۆ منداڵان زۆر پێویستە، بەڵام وردەکاری و لێزانی و کەسی تایبەتمەندی خۆی دەوێ و کەم کەس دەتوانێ دەستی بۆ ببا

چونکە شارەزاییەکی باشی پێویستە بۆ ئەوەی شاعیران و نووسەرانی ئەو بوارە سەرکەوتنی تێدا بەدەست بێنن، وە دەبێ بەڕاستی منداڵناس بن و  لایەنی پەروەردەیی و دەروونناسی لەبەر چاو بگرن، وە خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ منداڵان هەبێ و هێندەی گیان و دڵ و سۆمای چاوی خۆیان خۆشیان بوێن، چونکە خۆشەویستی بناغەی ڕاستی و پتەویی هەموو کارێکە

بۆیە ئەوانەی منداڵیان خۆشدەوێ و کار بۆ خزمەتی منداڵان دەکەن، بێشک دڵسۆزی گەل و خاک و زمانی نەتەوەکەیانن، وە خەمخۆری نیشتمان و وڵاتن، دەیانەوێ ڕێگەی مرۆڤایەتی بۆ ژیان، ڕێگەی جوانیی و ڕۆشنایی و دۆستایەتی بێ، وە کار بۆ ئێستا و داهاتووی نەوەیەکی ڕاستگۆ و دەستپاک و ئەمانەتپارێز دەکەن.

بۆیە زۆر زەحمەتە هەموو کەسێک بتوانێ لە گۆڕەپانی ئەدەبیاتی منداڵاندا ئەسپی خۆی تێدا تاو بدات و براوەو سەرکەوتووبێ، ئەگەر ئەو تایبەتمەندییانەی تێدا نەبێ کە باسمان کردن، ئەوا بە دڵنیاییەوە ناتوانێ بەپەیژەکەیدا سەرکەوێ و دەنگ و پەیامی خۆی بگەیەنێ، چونکە نووسین بۆ منداڵان بەرپرسیاریەتییەکی گەورەیە بەرامبەر نەوەکانمان، وە شاعیران و چیرۆکنووسانی بواری ئەدەبیاتی منداڵان دەبێ لە شیعر و چیرۆکەکانیاندا پەیامی پەروەردەیی و چاکەخوازی و مرۆڤدۆستی و ژینگەپارێزی و بیری ئاشتیخوازی و هەستی پێکەوەژیان… هتد،

لە ناخیاندا بچێنن، ئەگەر بەپێچەوانەی ئەوانەیان بۆ نووسرا، ئەوا ڕێک دوورە لە سروشتی ڕاستەقینەی خودی منداڵ. بۆیە دەبێ شیعر و چیرۆکی منداڵان پڕ بن لە بەها باڵاکان و ڕەوشتە جوانەکان، تژیی بن لە گەشبینی و ئاوات و ئومێد و هیوا بەخشین. شیعر و چیرۆکی منداڵان دەبێ هەڵگری پەیامێک بن، کە ڕەنگدانەوەی ناخی خۆیان بن و واتادار بن و ببنە هەوێنی جوڵاندنی هزر و ئەندێشەیان، تا خەیاڵیان فراوان بێت و چەشنی ئەو باڵندانەی، کە ئارەزووی فڕین دەکەن بۆ دوور، بۆ ئەوەی ئەوانیش فێر بن دوور دوور بفڕن، بەڵکو زیاتر بڕوانن و بیربکەنەوە، وە جگە لە چێژ وەرگرتن، زانیارییان زیاتر بێ لەئەنجامی گەشتی خەیاڵ.

بۆ بینینی نوێترین بابه‌ت ڵایكی ڕیژنه‌ بكه‌