وەزیری دەرەوەی ئێران : دوو هەفتە مۆڵەت دەداتە ئەمریکا بۆ گەڕاندنەوە رێککەوتنی ئەتۆمی

ڕێژنه‌ میدیا

دوای دەستبەکاربوونی ئیدارەی نوێی ئەمریکا، گفتوگۆکان لەسەر گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی هاتوونەتە ئاراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ ئەو رێککەتنە نەنراوە، محەممەد جەواد زەریف رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا تاوەکو 21ی ئەم مانگە سزاکانی سەر ئێران سووک نەکات، ئەوا رێککەوتنە ئەتۆمییەکە لەنێودەچێت.

پەرلەمانی ئێران رۆژی 21ی ئەم مانگەی وەک دوا وادە بۆ ئەمریکا داناوە بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران کە لە دوای ئەو وادەیە حکومەتی ئەو وڵاتە رێگەی تووندتر لە ئاست دۆسیەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە و تیمی لێکۆڵەرانی سەر بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەگرێتەبەر.

محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ رۆژنامەی هەمشەهریی ئێرانی رایگەیاند، دەبێت ئەمریکا بەر لەو وادەیەی کە پەرلەمان دیاریکردووە سزاکانی سەر ئێران سووکبکات و بەپێچەوانەوە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە دەکەوێتە مەترسی گەورەوە، هەروەها دەشڵێت، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران ئەنجامدەدرێت و لە ئەگەری سەرکەوتنی سەرۆکێكی نەریتخواز، ئەوا رێڕەوی ئەو مەلەفە بە ئاقارێکی قوستردا دەبات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا زەریف رایگەیاندووە، کاتێكی کەم بۆ ئەمریکا ماوەتەوە، ئەوەش بەهۆی بڕیارەکەی پەرلەمانی ئێران و هەروەها ئەو گۆڕانکارییەی کە رەنگە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمساڵ بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

مانگی رابردوو، ئێران بەرزکردنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لە وێستگەی فۆردو بەڕێژەی لە 20٪ی راگەیاند و لە هەفتەی رابردووشدا بەرپرسانی ئێرانی زیادکردنی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە وێستگەی نەتەنز راگەیاند.

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت: “دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ئاستی ناوخۆییدا پێویستی بە کۆدەنگییە و بەرپرسانی باڵای وڵات دەبێت لەسەری رێکبکەون، بەڵام ئێستا لە دۆخێکداین کە کۆدەنگی لەسەر ئەم بابەتە نییە.”

ساڵی 2012 بە مۆڵەتی سەید عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، حکومەتی ئەو کات لە سەردەمی مەحموود ئەحمەدی نەژاددا دەستیان بە دانوستاندن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی کرد. بەڵام دانوستاندنەکان 3 ساڵ دواتر و لە سەردەمی حەسەن رووحانیدا بە ئاکام گەیشتن.

ساڵی 2015 ئێران لەگەڵ وڵاتانی 5+1 رێککەوتنێکی واژۆکرد، لە رێککەوتنەکەدا هاتبوو کە لە بەرامبەر کەمکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران، وڵاتەکە دەبێت رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم سنوورداربکات. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ساڵی 2018 لە رێککەوتنەکە کشایەوە و کۆمەڵێک سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند، لە وەڵامیشدا ئێران چەند مانگێک لەمەوبەر رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ 20٪ بەرزکردەوە.

حکومەتی نوێی ئەمریکا بۆ جارێکی دیکە خوازیاری دانوستاندن لەگەڵ ئێرانە، بەڵام دەڵێت: “دەبێت سەرەتا ئێران بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی و رێککەوتننەکەش ببێتە بناخەیەک بۆ رێککەوتن لەسەر بەرنامە مووشەکییەکان، دەستتێوەردانی ئێران لە ناوچەکە و هەروەها قایمترکردنی رێککەوتنەکە لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکان.”

بۆ بینینی نوێترین بابه‌ت ڵایكی ڕیژنه‌ بكه‌