مووچەی لیواکان و دامەزراوەکانی مەشقی سەربازی بڕیاره‌ بەبێ لێبڕین دابەشبکرێت

ڕێژنه‌ میدیا

 

جێگری سەرۆک ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، بڕیارە مووچەی لیواکان و دامەزراوەکانی مەشقی سەربازی بەبێ لێبڕین دابەشبکرێت.

لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگری سەرۆک ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند ” ئەو هاوکاریەی هاوپەیمانان کە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکانی هاتووە، پێشتر دەخرایە سەر ژمارە حسابی وەزارەتی دارایی  هەرێمی کوردستان، لێرە بەدواوە دەگوازرێتەوە سەر ژمارەی حیسابی وەزارەتی پێشمەرگە. لەو پارەیە مووچەی لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە و دامەزراوەکانی مەشقە سەربازییەکان دەدرێت و وا بڕیارە مووچەکانیان بەبێ لێبڕین پێبدرێت”.

جێگری سەرۆک ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی “دابەشکردنی مووچەکە بەبێ لێبڕین لەم مانگەوە دەبێت”.

لەبارەی گواستنەوەی هاوکارییەکەی هاوپەیمانان بۆسەر حسابی وەزارەتی پێشمەرگە، لیوا قارەمان گوتی “سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش ئاگاداری بابەتەکەیە”.

هەرچەندە لە خشتەی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی داراییدا، بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی کانوونی دووەمی 2021 مووچەی وەزارەتی پێشمەرگەش دابەشبکرێت، بەڵام دابەشنەکرا.

سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە، جەبار یاوەر گوتی “دیار نییە کەی دابەشدەکرێت”.

رۆژی شەممە 23ی کانوونی دووەمی 2021، وەزارەتی دارایی لیستێکی نوێی دابەشکردنی مووچەی بڵاوکردەوە، بەپێی لیستەکە دەبووایە ئەمڕۆ یەکشەممە مووچەی وەزارەتەکانی تەندروستی، پێشمەرگە و دارایی دابەشبکرێن، بەڵام مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشنەکرا.

بۆ بینینی نوێترین بابه‌ت ڵایكی ڕیژنه‌ بكه‌