هه‌ولێر : بەرگدرویەک لەژورى خۆگۆڕین ڤیدیۆى کچان و ژنانى تۆمارکردووە و ده‌سگیركرا

ڕێژنه‌ میدیا

 

 

پۆلیسى هەولێر دەستگیرکردنى بەرگدرویەکى راگەیاند، کەلەژورى خۆگۆڕین و تاقیکردنەوەى جلوبەرگى ژنان کامێراى داناوە.

 

 

هۆگر عەزیز وتەبێژى پۆلیسى هەولێر رایگەیاند، رۆژى پێنج شەممە پۆلیس بەرگدرویەکى تایبەت بە دورینى جلوبەرگى ئافرەتانى دەستگیرکردووە، دواى ئەوەى کچێک بوونى کامێراى لەژورى خۆگۆڕین و تاقیکردنەوەى جلوبەرگ ئاشکراکردووە.

 

وتیشى ئەو بەرگدرووە مۆبایلەکەى خۆى دانابوو بۆ ئەوەى وێنەى ئەو کچ و ژنانە بگرێت کە دەچنە دوکانەکەى و جلوبەرگ تاقیدەکەنەوە و لەلایەن کچێکەوە کارەکە ئاشکراکراوە.

 

ئەو کەسەى دەستگیرکراوە خێزاندارە و خاوەنى چوار منداڵە و بەپێی ماددەى 402 لە یاساى سزادانى عێراقى لێکۆڵینەوەى لەگەڵدا دەکرێت.

 

بەپێی ئەو ماددەیە، هەر کەسێک لە شوێنێکى گشتى بە قسە یان کردار یان ئاماژە کارى نەشیاو بەرانبەر کچان و ژنان ئەنجام بدات، بە سێ مانگ زیندانى، یان سزایەکى ماددى کە کەمتر نەبێت لە 50 هەزار و زیاتر نەبێت لە 200 هەزار دینار یان بەهەردووکى سزا دەدرێت.

 

هۆگر عەزیز باسى لەوەکرد، بەرگدروە دەستگیرکراوەکە لە لێکۆڵینەوەکاندا وتویەتى کە ئەو کچەى پێ جوان بووە، بۆیە حەزیکردووە ڤیدیۆى تۆماربکات.

 

بەوتەى هۆگر عەزیز، ئەوە یەکەم حاڵەتى لەو شێوەیەیە لە هەولێر تۆماربکرێت.

بۆ بینینی نوێترین بابه‌ت ڵایكی ڕیژنه‌ بكه‌