هێلین ئاوات له‌سه‌ر سووكایه‌تی به‌ هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان ئەمڕۆ دادگایی دەکرێت

ڕێژنه‌ میدیا

 

 

 

لە چەند رۆژی رابردوودا سۆشیاڵ میدیاکانی کوردستان پڕ بوون لە ڤیدیۆی خانمە مۆدێل و میدیاکار هێلین ئاوات و تۆمەتبار کرا بەوەی “سووکایەتیی” بە هونەرمەند کەریم کابان کردووە، بەو هۆیەوە دوێنێ دەستگیرکراوە و ئەمڕۆ دادگایی دەکرێت.

 

هێلین ئاوات لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە رێگەی سناپچاتەوە تۆماری کردووە و هەر خۆی سەرەتا بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێ “کۆمێنتی زۆرم بۆ دێت کە دەڵێن رانجرۆڤەرەکەت نەکڕی، جی کڵاسەکەت نەکڕی؟ حەزم کرد بۆتان بکەم بە سوپرایز و پێتان بڵێم: ئەمڕۆ کەریم کابانێکم بە هەدیە بۆ هات، خوا نەیبڕێت، بەتەمام  سەوزە و میوە و تەماتە و پرتەقاڵ و هەرچیم دەستکەوێت بچم بیفرۆشم …”.

لەو ڤیدیۆیەدا مەبەستی هێلین ماتۆرسکیلێکی سێ تایەیە، کە لە کوردستان کاری دەستگێڕی و فرۆشتنی میوە و سەوزەی پێدەکرێت.

گرتە ڤیدیۆییەکە بووەتە هۆی توڕەبوونی هونەرمەندانی سلێمانی و بنەماڵەی کەریم کابان، کە دوای پێنج ساڵ لە مردنی، ئێستاش یەکێکە لە بەنێوبانگترین هونەرمەندانی کوردستان.

بەهۆی ئەو گرتە ڤیدیۆییەوە، هونەرمەندان و سەندیکای هونەرمەندان لە سلێمانی چەند گردبوونەوەیەکیان کردووە و سکاڵای یاساییان لەدژیی هێلین تۆمارکرد، بەو هۆکارەش دوێنێ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکرا.

سەرکەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پارێزگای سلێمانی لەمبارەیەوە رایگەیاند “دوای ئەوەی سەندیکای هونەرمەندانی سلێمانی داوای یاساییان لەسەر ئەو کەسە تۆمارکرد، فەرمانی گرتن بۆ ئەو کەسە دەرچوو و بنکەی پۆلیسی سەرا بڕیارەکەی دادوەریان جێبەجێکرد”.

ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵ هێلین، ناوزڕاندنە لە رێگەی سۆشیاڵ میدیا. سەرکەوت ئەحمەد دەڵێ “(هێلین) گوتوویەتی من مەبەستم ناوزڕاندن نەبووە، بەڵام دادوەر بە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامرازەکانی پەیوەندی بەندی کردووە”. هەروەها ئاشکرای کرد “ئێستا هێلین لە بنکەی گرتن و گواستنەوەی ژنان لە سلێمانی دەستبەسەرە و ئەمڕۆ دەچێتە بەردەم دادوەر و  بڕیاری لێدەدرێت بە بەندکراوی دەمێنێتەوە یان بە سپاردە ئازاد دەکرێت”.

بۆ بینینی نوێترین بابه‌ت ڵایكی ڕیژنه‌ بكه‌