وەزیری بەرگری تورکیا گەیشتە بەغدا

ڕێژنه‌ میدیا

 

بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ئەو دۆسیانەی جێگەی گرنگی پێدانی هاوبەشن و پەرەپێدانی هەماهەنگی نێوان هەردولا، ئەمڕۆ دوشەممە وەزیری بەرگری و سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا گەیشتنە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆببنەوە.

شاندەکە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ د.بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق کۆدەبێتەوە

کەمێک پێش ئێستا هلوسی ئاکار وەزیری بەرگری و یەشار گولەر سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا گەیشتنە بەغدا و لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری عێراق پێشوازیان لێکرا، بڕیاریشە شاندەکە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ د.بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران کۆببنەوە.

وەزیری بەرگری تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

بەگوێرەی زانیارییەکان سەردانی ئەو شاندەی سەربازییەی تورکیا بۆ عێراق ماوەی دو رۆژ بەردەوام دەبێت و ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە شاندەکە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆک هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆدەبنەوە.

سەردانەکە بڕیاربو ناوەڕاستی مانگی ئابی ساڵی رابردو ئەنجام بدرێت

ئەو سەردانەی شاندی تورکیا بڕیاربو ناوەڕاستی مانگی ئابی ساڵی رابردو ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی کوژرانی دو فەرماندەی پاسەوانی سنور لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لەناوچەی سیدەکانی سەر بە پارێزگای هەولێر، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە سەردانەکە هەڵوەشێنرایەوە.

بۆ بینینی نوێترین بابه‌ت ڵایكی ڕیژنه‌ بكه‌