دکتۆرە دیلمان : کچێکی تازەپێگەیشتوو هات بۆ پشکنین بۆ دڵنیابوون لە پەردەی کچێنی

ڕێژنه‌ میدیا

 

گێڕانەوەکانی منداڵەکەت نادیدە مەگرە!

ئەو کچەی زڕباوکەکەی دەستدرێژی کردبوە سەر

کچێکی تازەپێگەیشتوو هات بۆ پشکنین بۆ دڵنیابوون لە پەردەی کچێنی و ئایا دەستدرێژی کراوەتە سەر یان نا؟
پشکنینمان بۆی کرد و پشتڕاستمان کردەوە، بەڵێ بەڵگە هەیە بۆ بانگەشەکانی و دەتوانێت بەو ڕاپۆرتەی ئێمە لە پزیشکیی دادوەری بۆمان نووسیوە، بچێتە ناو دادگا و داوای مافی خۆی بکات.

سەرەتا من لە کچەکەم پرسی بۆ هاتووی بۆ پشکنین؟

دەستی کرد بە گریان و گووتی: نازانم! سەرەتا نەیدەویست قسە بکات و شەرمی دەکرد.

دوای هێورکردنەوە، باسی ئەو ڕووداوەی کرد کە بەهۆیەوە هاتبوو بۆ پشکنین. کەوتە قسەکردن و گووتی دایکم شووی کردووەتەوە، هەموو خوشک و براکانم هاوسەرگیرییان کردووە و لە ماڵی خۆیاندان، تەنها من ماوم لای دایک و زڕباوکەکەم.
کچەکە گوتیشی زڕباوکم دەستدرێژی دەکاتە سەرم بە دەستلێدان و ڕەفتاری ناشرینی تر.

وەکوو کچەکە باسیکرد: بە دایکمم گووت لەبارەی ڕەفتارەکانی زڕباوکەکەم، پێمی گوت تۆ منداڵی و نازانی ئەو شتانە چییە، دەنگ مەکە هەرچی بکات.

کچەکە گووتیشی: جارێک دایکم بەسەردا هات و کردیە دەنگە دەنگ و ماڵی بەجێهیشت و دواتر گەرایەوە.
لە درێژەی گێرانەوەکانیدا گووتی: دواجار برا گەورەکەم هاتبوو بۆ ماڵمان، بەسەردا هات و گوێی لێ بوو زڕباوکم پێم دەڵێ لەگەڵم وەرە ژووری سەرەوە! براکەم یەکسەر ڕاپێچمی کرد و چووینە دادگا و سکاڵای لەسەر زڕباوکم تۆمار کرد و وا ئیستا هاتووم بۆ پشکنین!

ئەمە بۆ ئێمە وەکو پزیشکانی دادوەری رووداوێکی دەگمەن نییە و زۆر حالەتی لەو جۆرەمان بینیوە.
لێرەدا دوو وانەی گرنگ هەیە بۆ کۆمەڵگە:

1- گرنگە بە وردی گوێ بۆ گێرانەوەی منداڵ بگیرێت و ئەو شتانەی باسیان دەکات بە هەند وەربگیرێن، نەک تەنیا بڵێین تۆ نازانیت ئەو کارانە چین و ئەو ڕووداوە دڵتەزێنانە پەردەپۆش بکەین!

2- ئەو خانمانەی دوای جیابوونەوە بڕیاری هاوسەرگیری دەدەن، دەبێ پلانیان تەنها بۆ ژیانی تایبەتی خۆیان و پەیداکردنی هاوبەشی ژیان نەبێ، بەڵکو ئاییندەی مندالەکانیشیان لەبەرچاوبگرن.

دکتۆرە دیلمان ئازاد حەسەن
پسپۆری پزیشکیی دادوەری
مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکی