بۆچی تا ئیستا شێوه‌ی نه‌گۆڕه‌ ؟ چیرۆکی 80 ساڵەی پاسی قوتابخانه‌كان ئاشکرابو

ڕێژنه‌ میدیا

 

پاسە زەردەکەی قوتابخانەکان لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا کاری پێدەکرێت و وەک رێگایەکی گونجاو بۆ گواستنەوەی قوتابیانی خوێندنی سەرەتایی بەکاردەهێندرێت، بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامانە 80 ساڵ بەسەر دروستکردنیدا تێپەڕیوەو گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەیبینیوە.

 

ئەو پاسە زەردە لەساڵی 1939ەوە یەکەم مۆدێلی لێدروستکراوەو خراوەتە خزمەتی گواستنەوەی قوتابییانەوە، تائەمڕۆ نزیکەی 80 ساڵ بەسەر مۆدێلەکەیدا گوزەری کردوەو گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەخۆوە نەبینیوەو ئەوەش پرسیاری لای هەندێک دروستکردوە، بەجۆرێک وەک چیرۆکێکی لێهاتوەو زۆرێک لە جیهاندا بە نهێنییەکانی ئاشنا نەبون.

 

ئەوەی گۆڕانکاری بەسەر ئەو پاسەدا هێناوە تەنها دەستکاریکردنی دیزاینی ناوەوەی پاسەکەیەو لە روکاری دەرەوەدا رەنگ و شێوەکەی ماوەی 80 ساڵە بەجێگیری ماوەتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە بۆ هەر جۆرێكی دیکەی ئۆتۆمبێل و هاوشێوەکانی دەیان گۆڕانکاری گەورە لە شێوەو دیزاینیدا کراوە.

 

نهێنی بەکارهێنانی ئەو پاسە زەردە دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری سەلامەتی، کە باس لەوە دەکرێت 70 هێندە بەراورد بە هۆکاری دیکەی گواستنەوەی قوتابیان سەلامەتترەو بەو هۆیەشەوە ئەولەویەت دراوە بەو جۆرەی ئۆتۆمبێل.

لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رۆژانە نزیکەی 26 ملیۆن قوتابی بە پاس بۆ قوتابخانە دەبرێن و بەپێچەوانەشەوە.

 

لە ساڵانی سییەکانی سەدەی رابردودا خوێندکاران بە (چوار چەرخە)ی تایبەت بۆ قوتابخانەکان هاتوچۆیان پێدەکرا، بەڵام دواتر چەندین جۆری پاس و ئۆتۆمبێل بۆ ئەو مەبەستە پێشنیار کرا، دواجار پاسە زەردەکە وەک باشترین هەڵبژێردراو تائیستاش بۆ ئەو مەبەستە کاری پێدەکرێت.

 

لەکاتی دروستکردنیدا چەندین ڕەنگی جیاواز بۆ ئەو پاسە دەستنیشانکران، بەڵام دواتر رەنگی زەرد سەرتۆپی هەمو رەنگەکانی گرت و بەکۆی دەنگ بڕیاری لێدرا، چونکە شارەزایانی ئەو بوارە پێیانوابوە لەسەر ڕێگاکان خێراتر دەردەکەوێت و لەکاتی بونی کەشوهەوای سەختیش بەڕونی دەردەکەوێت.

 

لە دیزاینی ناوەوەی پاسە زەردەکەدا چەندین گۆڕانکاری گەورە ئەنجامدراوە، لەوانە کورسی جوڵاوی بۆ زیادکراوە، پەنجەرەی ڕزگاربونی بۆ دروستکراوە کە لەحاڵەتی لەناکاودا بەکاردێت، شوێنی هەڵگرتنی سوتەمەنییەکەی بەجۆرێک دروستکراوە کە مەرجەکانی سەلامەتی تێیدا لەوپەڕیدایە.