بۆچی نابێت مۆز به‌برسیتی (لەسەر گەدەی بەتاڵ ) بخورێت

ڕێژنه‌ میدیا

 

هەندێک کەس لەجیاتی ژەمی بەیانی پەنا بۆ خواردنی میوە دەبەن، کە رەنگە ئەو میوەیە چەوری زیانبەخش یان کالۆری زیادەی تێدابێت، هەروەک چۆن پسپۆرانی بواری خۆراکیی دەڵێن نابێت هەموو میوەیەک بەیانیان لەخورێنی بخورێت.

بەگوێرەی پێگەی “birdie”، داریل جیۆفەر پسپۆڕی بواری خۆراکیی ئەمەریکی دەڵێت نابێت مۆز لەبەیانیاندا و لەسەر گەدەی بەتاڵ بخورێت، بەڵکو لەبری ئەوە واباشترە میوەیەکی وەک سێو یان هەرمێ بخورێت.

هۆکاری ئەو هۆشدارییەی پسپۆڕە ئەمەریکییەکە بۆ نەخواردنی مۆز لەخورێنی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مۆز بەراورد بە میوەکانی وەک سێو و هەرمێ بڕێکی زۆر شەکری تێدایە، بەشێوەیەک دەتوانرێت بە مۆز بوترێت ” بۆمبی شەکر”.

جیۆفەر روونیکردۆتەوە کە مۆز بەخێرایی وزە بە جەستە دەبەخشێت، هەربۆیە ڕێژەی شەکر بەخێرایی بەرزدەبێتەوە و هەر بەخێراییش دادەبەزێت، بەڵام ئەو وەرزشوانانەی بەخێرایی پێویستیان بە وزە هەیە دەکرێت بەیانیان لەخورێنی مۆز بخۆن .

ئەو پسپۆرە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەو هۆشدارییە مانای ئەوە نییە بەتەواوەتی دەستبەرداری خواردنی مۆز ببین، تەنیا ئەوەیە لەسەر گەدەی بەتاڵ نەخورێت، چونکە ئەو میوەیە چەندین رەگەزی خۆراکیی گرنگی تێدایە وەک ڤیتامین B6 و پۆتاسیۆم و مەگنیزسیۆم، کە ماددەی پێویستن بۆ جەستەی مرۆڤ.