بەرپرسێکی پێشووتری عێراق بە تاوانی گەندەڵی بە 15 ساڵ زیندانیکردن سزا درا

ڕێژنه‌ میدیا

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 24-12-2020، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە، دادگای تاوانی کەرخ لە بەغدا، سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر سەرۆکی پێشووتری دیوانی وەقفی سوننیدا (بەبێ ناوهێنان) سەپاندووە.

سزاکە بەشێوەی ئامادەنەبوو (غیابی) بەسەر سەرۆکی پێشووتری دیوانی وەقفی سوننیدا سەپێندراوە، چونکە لە عێراق نەماوە و چووەتە دەرەوە.

هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، سزاکە بەهۆی بە ئەنقەست زیانگەیاندن بە سامانی ئەو دەزگایەی کاری تێدا دەکرد، بەسەر ئەو ”تاوانبارە هەڵاتووە“دا سەپێندراوە.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەو بەرپرسە خانووێکی بۆ دیوانی وەقفی سوننی بە شەش ملیار و 766 ملیۆن و 524 هەزار دینار کڕیوە، کەچی نرخی خانووەکە لە بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرە بە دوو ملیار و 700 ملیۆن دینار تۆمار کراوە.