بە ڤیدیۆ؛ ئۆتۆمبێلێک بە بەگ خۆی دەکات بەناو کۆمەڵێک خەڵکدا و دوو کەس دەکوژێت

ڕێژنه‌ میدیا

 

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای دهۆک رایگەیاند، لەسەر رێگەی نێوان دهۆک – هەولێر دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.
موقەدەم ئازاد تەها، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای دهۆک رایگەیاند، رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان دهۆک – هەولێر و لە سنووری شارۆچکەی رووڤیای سەر بە قەزای بەردەڕەش روویداوە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی دهۆک ئاماژەی بەوە کرد “نزیک لە گوندی پلاسان دوو ئۆتۆمبێل تووشی رووداوی وەرگەڕان بوون و پاشان ئۆتۆمبێلێکی دیکە کەوا بە خێراییەکی زۆر هاتووە، چووەتە نێوان ئەو کەسانەی لە نزیک رووداوەکە کۆببوونەوە. بەوهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چواری دیکەش برینداربوون”.
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە یەکێکیان خەڵکی زاخۆیە و ئەوی دیکەش خەڵکی گوندی پلاسانە لە شارۆچکەی رووڤیا.
گوتەبێژی هاتووچۆی دهۆک باسی لەوە کرد “دوو لە بریندارەکان برینیان سەختە و تەواوی بریندارەکانیش لە رەگەزی نێرن”.
ئەوەش لەکاتێکدایە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا تەنیا لە سنووری پارێزگای دهۆک 40 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و 11 کەسیش بەهۆیانەوە گیانیان لەدەستداوە.