یاریزانێكی عێراقی ئۆفه‌ری ریال مه‌درید ره‌تده‌كاته‌وه‌

ڕێژنه‌ میدیا

 

حوسێن سه‌عید ئه‌ستێره‌ی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له‌ لێدوانێكدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێش 40 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر یانه‌ی ریال مه‌درید داوای كردووه‌ به‌ڵام ئه‌و به‌هۆكارێكی تایبه‌ت ڕه‌تی كردووه‌ته‌وه‌.

 

حوسێن سه‌عید كه‌ پێشتر سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقیش بووه‌ له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی كاسی قه‌ته‌ری ده‌ڵێت: كاتێك له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق به‌شداریم له‌ مۆندیالی لاوانی 1977 كرد، له‌ یارییه‌كه‌مان به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی نه‌مسا هاتریكم كرد و یارییه‌كه‌مان (5 ـ1) برده‌وه‌، ئه‌وكات میلانیچ راهێنه‌ری ریال مه‌درید چاودێری منی ده‌كرد و داوای لێكردم په‌یوه‌ندی به‌ ریال مه‌درید بكه‌م، به‌ڵام به‌هۆی دۆخی عێراق و زه‌مینه‌یه‌كی خراپ بۆ یاریزانی پیشه‌گه‌ر هۆكار بوو كه‌ ئۆفه‌ره‌كه‌ی ریال مه‌درید ره‌تبكه‌مه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ تا ئێستا هانده‌ری ریال مه‌دریدم.

 

حوسێن سه‌عید پێشتر له‌ نێوان ساڵانی 1976 تا 1990 یاری بۆ تیپی یه‌كه‌می هه‌ڵبژارده‌ی عێراق كردووه‌، له‌ كۆی 137 یاری 78 گۆڵی كردووه‌، ته‌واوی كاروانی وه‌رزشی خۆشی له‌ یانه‌ی ته‌ڵه‌به‌ تێپه‌ڕ كرد، ته‌نیا یه‌كجاریش ئه‌زموونی راهێنه‌رایه‌تی تاقی كرده‌وه‌ ئه‌ویش له‌ 1993 هه‌ر له‌گه‌ڵ یانه‌ی ته‌ڵه‌به‌ بوو.