سبه‌ی نوسینگەی پاسپۆرت لەچەمچەماڵ دەكرێتەوە

ڕێژنه‌ میدیا

 

بڕیارە سبەینێ نوسینگەی پاسپۆرت لەقەزای چەمچەماڵ بكرێتەوەو یەكەم و دووەم پاسپۆرتیش بەكوڕی شەهیدێك و تاقانەیەكی ئەنفال دەربهێنرێت.

رەمەك رەمەزان قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ لەبارەی كردنەوەی نوسینگەی پاسپۆرت لەچەمچەماڵ  رایگەیاند: دوای سەردانێكی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە 16ی ئابی 2018 بۆ چەمچەماڵ داواكارییەكمان پێدا بۆ كردنەوەی نوسینگەی پاسپۆرت و دواتر لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپارد بۆ كردنەوەی نوسینگەی پاسپۆرت، دواتریش لە 1ی ئەیولی 2019دا رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆی عیراقمان هێنایەوە بۆ كردنەوەی.

وتیشی:دوای رەزامەندییەكەی وەزارەتی ناوخۆی عیراق، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە كارەكانی كردنەوەی نوسینگەكە تەواو كراو وەك لایەنی ئیداریش هەموو پێداویستیەكانی نوسینگەی پاسپۆرتمان دابینكرد.

قائیمقامی چەمچەماڵ راشیگەیاند: بڕیارە سبەینێ بەئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی هەرێم نوسینگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ بكرێتەوەو یەكەم پاسپۆرتیش بۆ كوڕی شەهێدیك دەردەكرێت كە باوكی تاقانەی ئەنفال بووەو شەهید بووە، باپیریشی هەر شەهیدە، دووەم پاسپۆرتیش بۆ تاقانەیەكی ئەنفالە كە تاكە رزگاربووی بنەماڵەكەیانە.

باسی لەوەشكرد كە بەكردنەوەی نوسینگەی پاسپۆرت لەقەزاكە، كارئاسانی باش بۆ كەسوكاری ئەنفالكراوان و شەهیدان و هاووڵاتیانی سنوركە دەكات كە پایتەختی شەهیدان و ئەنفالكراوانەو ژمارەی دانیشتوانەكە زیاتر لە 300 هەزار كەسەو پێشتر دەبوایە بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت سەردانی سلێمانی یان گەرمیان یان كەركوك یاخود هەولێریان بكردایە.

 

س_pukmedia